کوردی سۆرانی

بەخێر بێن!

ئەم ماڵپەڕە بۆ ھەموو 60 ناوەندەکەی بەھێزکردنی ژنانی گەنجە لە سووید. لێرە، لەسەر ماڵپەڕی Tjejguiden (ڕێنوێنی کچان) ئێوە دەتوانن پرسیار بکەن، پەیوەندی بکەن بە ناوەندێکی بەھێزکردن یان لە بارەی ھەر شتێک زانیاری بخوێننەوە، بۆ نموونە لە بێ‌ئیشتھاییەوە بگرە ھەتا دەسپەڕ.

بەداخەوە ھەندێ بەشی زانیارییەکانی سەر ئەم ماڵپەڕە نەکراوە بە کوردی. ئێمە ناتوانین بەڵێن بدەین کە ئەو کەسەی کە لە ناوەندی بەھێزکردنە و ئێوە پەیوەندی پێوە دەکەن کوردی بزانێت. بەڵام ئێوە دەتوانن بێ دوودڵی پەیوەندی بکەن بە یەکێک لە ناوەندەکانی بەھێزکردن بۆ ئەوەی ئێمە تا جێگایەک کە لە تواناماندایە پاڵپشتی و یارمەتیتان بۆ دابین بکەین.

ناوەندی بەھێزکردنی ژنانی گەنج چییە؟

ناوەندی بەھێزکردنی ژنانی گەنج ڕێکخراوێکە کە ئامانجی ئەوەیە کە یارمەتی ژنانی گەنج بدات. ژنان لە ناوەندەکانی بەھێزکردن بە خۆڕایی کار دەکەن و لە ڕێگەی گفتوگۆی ڕووبەڕوو، ئیمەیل و وتوبێژی تەلەفۆنی یارمەتی دابین دەکەن. ناوەندەکانی بەھێزکردنی ژنانی گەنج لە زۆر جێگە نووسینگەکەیان بچووکە و تەنیا شوێنیان بۆ کامپیۆتەرێک، تەلەفۆنێک و شایەد تەختێک و چەند کورسی ھەبێت.

ھەندێ لە ناوەندەکانی بە‌ھێزکردنی ژنان ھەروەھا ھەندێ گەشتی ھاوینە، گرووپی لێدوان و کۆڕی کاری لە خوێندنگەکان بە ڕێوە دەبەن.

ھەرکەسێ کە خۆی بە ژنێکی گەنج دەزانێت دەتوانێ بۆ ھەر پرس و کێشەیەکی بچووک و گەورە پەنا بباتە ناوەندەکانی بەھێزکردنی ژنانی گەنج. ھەموو ئەوانەی کە لەم ناوەندانە کار دەکەن پابەندن بە پاراستنی نھێنیەکانی ئێوە، و ئێوە دەتوانن بەتەواوی بێ ناو و نیشان لەگەڵ ئەوان پەیوەندیتان ھەبێت.

زۆرێک لەو ژنە گەنجانەی کە پەیوەندی دەکەن بە ناوەندەکانی بەھێزکردنی ژنانی گەنج خەم و پەژارەی جۆراوجۆریان ھەیە. ھەندێکی تر ڕەنگە تەنیا پێویستیان بە کەسێک ھەبێت بۆ ئەوەی لەبارەی چۆنیەتی بەسەرچوونی ڕۆژیان لە خوێندنگە لەگەڵی قسە بکەن، یان بیانەوێت لەبارەی سێکس یان لەشی خۆیان ھەندێ پرسیاری لێ بکەن.

زۆرێک لەو ئەندامانەی ئێمە کە لە ناوەندەکانی بەھێزکردنی ژنانی گەنج کار دەکەن ڕاوێژکاری پسپۆر یا شارەزا نین، بەڵام تا ڕادەیەک کە بتوانن گوێ لە ئێوە دەگرن و ورەتان پێ دەدەن. ھەروەھا ئێمە دەتوانین ڕێنوێنی ئێوە بکەین بۆ ئەوەی پەیوەندی بکەن بە ناوەندە بەسوودەکانی دیکە – یان ئەگەر بتانەوێ لای پۆلیس ڕاپۆرتێک تۆمار بکەن، ئێمە دەتوانین لەگەڵتان بێین بۆ ئەوێ.

ئەم ماڵپەڕە چییە؟

ئەم ماڵپەڕە لە بنەمادا بۆ ھەموو ئەو کەسانەیە کە خۆیان بە ژنێکی گەنج دەزانن و تەمەنیان لە نێوان 12 و 20 ساڵدایە. ھەروەھا ئەم ماڵپەڕە بۆ خزمەکانی ژنانی گەنج یان ھەرکەسێکە کە دەیەوێت لەبارەی بزۆتنەوەی ناوەندەکانی بەھێزکردنی ژنانی گەنج زیاتر بزانێت.

Tjejjouren.se ڕێگایەکە بۆ دەسپێگەیشتنی ھەموو ئەو ژنە گەنجانەی کە پێویستیان بە یارمەتی ناوەندەکانی بەھێزکردنی ژنانی گەنج ھەیە. ھەروەھا ئەمە بۆ ئەو ژنە گەنجانەیش دەبێت کە لە یەکێک لەو ناوچە شارەوانیانە دەژین کە ھێشتا ناوەندێکی بەھێزکردنی ژنانی گەنجیان نییە. ئێمە باش دەزانین کە بە ھۆی ئەو ئامارانەی کە لەبارەی ژمارەی زۆری ژنانی گەنجی کێشەدار بڵاو دەبێتەوە، فرە پێویستە کە ئەم ماڵپەڕە ھەبێت.

ئایا دەتانەوێ بەشداری بکەن؟

زۆربەی کات ئاسانترە کە ھەستەکان، پرسیارەکان و بیروڕاکانتان بە زمانی خۆتان دەرببڕن. لەبەر ئەم ھۆکارە، ئێمە پێویستمان بە ژنانی کوردزمانی زیاتر ھەیە کە لە ناوەندەکانی بەھێزکردنی ئێمە کار بکەن. بۆ بەشداری و ھاوکاری لەگەڵ ئێمە پەیوەندی بکەن بە نزیکترین ناوەندی بەھێزکردنی ژنان لە ناوچەکەتان.